10/11/2024
سليماني شاري ئه ده بي وينسكؤ نیشانی تۆمارکرانی سلێمانی وەکوو شاری داھێنەری وێژە لە تۆڕی شارە داھێنەرەکانی یوونێسکۆدا
شاری سلێمانی بە ڕای زورێک لە خەڵکی کوردستان بە شاری ڕۆشنبیریی کوردستان دەناسرێت. ئەوان وا دەزانن کە ئەو بەرفراوانییەش بۆ دەوری بابان و دامەزراندنی شار و ماوەیەکیش لە ساڵانی دەوڵەتی عوسمانی دەگەڕێتەوە، کە ھەموو مەلا و زاناکان شاعیر و نووسەر بوون و ڕۆڵی مزگەوت و حوجرەش کەم نەبووە لەو بوارەدا، سێ کوچکەی بابان، نالی و سالم و کوردی قوتابحانەی شیعری بابان دروستدەکەن و ئەگەر ئەو قوتابخانەیە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە گەلێک دیمەنی لە ئەدەبیاتی ئەمڕۆی کوردیدا نەمابێت، ئەوا فۆرمی ئەدەبیاتی کوردی ئەمڕۆ ئەوا ھەر بەرپێشچوونی فۆرمی ئەو ئەدەبەیە، ئەو زارەی پێی دەنووسرێت ھەر ئەو زارەیە، زۆربەی گەورەنووسەرانی ئەو سەردەمە وەک: نالی، سالم، کوردی، مەولانا خالید، مەلا عەبدوڵلای بێتوشی، شێخ مارفی نۆدێی، سەید ئەحمەدی نەقیب، شێخ حسێنی قازی، حاجی مەلا ئەحمەدی دێلێژە، محەممەد فەیزی زەھاوی، جەمیل سدقی زەھاوی، مەلا ساڵحی حەریق، ساڵح ئەفەندی ئاھی، تایەر بەگی جاف، وەلی دێوانە، عەلی بەردەشانی، زێوەر مەلا عەبدوڵلا، ئەحمەد موختار جاف، مەلا عەزیزی موفتی، پیرەمێرد، بێخود، جەمال عیرفان و چەندین نووسەر و شاعیری دوای ساڵی پەنجاکان بوون بە بەشێکی گرینگ لە ئەدەبی کوردی ھاوچەرخ لە کوردستاندا. ھەرچەند ھەندێک لەمانە لە نێویەکدا بەھۆی تەسەوفەوە ناکۆکیان لە نێواندا ھەبووە کە دیارترینیان شێخ مارفی نۆدێ کە بووە دوژمنی سەرسەختی مەولانا خالید. لەدوای ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ چەند نووسەری بەناوبانگی تر لە سلێمانی ھەڵکەوتن کە ڕۆڵیان بوە لە شەپۆلی نوێی ئەدەبی کوردیدا، لەوانە: مەریوان وریا قانع، بەختیار عەلی، بەرزان ھەستیار، گۆران بابە عەلی، زمناکۆ بورھان قانع، میران ئهبراهام، قوبادی جەلی زادە و چەند ناوێکی تر. ئەم بوارە بەرفراوانە ئێستاشی لەگەڵدا بێت سلێمانی تێیدا پێشەنگە و ھەمیشە ئەو نووسەر و شاعیرانە ڕۆڵی بەرچاویان لە بزووتنەوەی کوردایەتیشدا ھەبووە و بوونەتە داینەمۆی شۆڕشەکان، لە بواری هونەری سینەمادا، چەندان لە دەرهێنەرانی سینەمای کوردی بە تایبەتی لە سەدەی بیست و یەکەمدا، لە دایکبووی شار سلێمانین، لەوانە: کارزان قادر، کارزان کاردۆزی و هەڵکەوت مستەفا. یەکێکی تر لە ئەو شتانەی کە سلێمانی بە شاری ڕۆشنبیری ناساندوە ئەوەیە کە یەکەم چاپخانە کە لە کوردستان کەوتبێتەکار لە سلێمانی بوە، یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە کوردستان دەرچووبێت ھەر لەسلێمانی بووە.[١٢]
ڕۆژی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، یوونێسکۆ شاری سلێمانیی وەکوو شاری داھێنەری وێژە لەنێو تۆڕی شارە داھێنەرەکان تۆمار کرد.[١٣] لە سلێمانیدا دەیان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی تێدایە و چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری لێوە دەردەچێت و ژمارەیەکی زۆریش ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن و سەتەلایتی تێدا پەخش دەکرێ، لەم شارەدا چەندین گرووپی شانۆ و مۆسیقا و نیگارکێش و ھونەرمەندی شێوەکار ھەیە و جگە لە زانکۆی ئەمریکی و زانکۆی سلێمانی چەند زانکۆ و پەیمانگا و قوتابخانەی بیانی تێدایە. ئەم شارە پڕە لە ھۆڵی چالاکی و بەردەوام بەرنامەی ھەمەجۆری ھونەری و ڕۆشنبیری تێدایە.[١٤] چەندین گەڕیدەی بەریتانی و بیانی لە کتێب و بیرەوەرییەکانیاندا ئاماژەیان بە زیندوێتی ئەم شارەداوە و بە شاری جوانی و خۆشەویستی ناسراوە. لەم شارەدا ژنان ڕۆڵی دیار و بەرچاویان ھەیە لە دام ودەزگا و دامەزراوەکاندا بە تایبەتی لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا. ئازادی ڕادەربڕین و زیندوێتی کاروجولە لەم شارەدا سیما و خەسڵەت و پێناسەی سلێمانییە. سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق بەھۆی شوێنی جوگرافییەوە، بەپاک و خاوێنترین شار ناسراوە.[١٤]زانکۆی سلێمانی بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٨ دامەزرا، کامپبی سەرەکی زانکۆ دەکەوێتە شاری سلێمانی یەوە لە ھەرێمی کوردستان. لە سەرەتادا تەنھا سێ کۆلێژ ھەبوون، بەڵام ساڵانی دوواتر ژمارەی کۆلێژەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد لە ئەنجامی داواکاریییەکی زۆر بۆ خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان.
لە ساڵی ١٩٨١ ڕژێمی فاشیستی عێراق ئەم دامەزراوە ئەکادیمییەی ڕاگواست بۆ شاری ھەولێر و ناوەکەشی گۆڕدرا بۆ «زانکۆی سەڵاحەدین». لە ساڵی ١٩٩٢ جارێکی تر زانکۆی سلێمانی دامەزرێندرایەوە لەئەنجامی ھەوڵ و کۆششی زۆری ڕۆشنبیران و زانستخوازانی کورد و خەڵکی دڵسۆزی شاری سلێمانی و زانکۆ جارێکی تر کرایەوە لە ڕێکەوتی ١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢.
ئەمڕۆ زانکۆی سلێمانی ٢٥ کۆلێژی ھەیە کە تێیدا خوێندکاران بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەست دەھێنن لە چەندین بواری جیاجیادا. میستەر ڕیچ کە ساڵی ١٨٢٠ ھاتووەتە سلێمانی واتا (٢٦)ساڵ پاش دروستکردنی شارەکە، ژمارەی دانیشتووانی بە دە ھەزار کەس خەمڵاندوە دوای ئەوە دەڵێت: سلێمانی (٢٠٠٠) ماڵی ئیسلام. (١٣٠) ماڵە جولەکە (٩) ماڵی دیانی کلدانی، ٥ماڵی ئەرمەنی تیا بووە، کۆی ماڵەکان دەکاتە (٢١٤٤). ئەگەر ھەرماڵێک بە پێنج کەس دابنێین دەکاتە (١٠٧٢٠) کەس..
بە گوێرەی ساڵنامەی عوسمانی ساڵی ١٩٠٧ ژمارەی دانیشتووان (٨٠٢٧) موسڵمان و (٣٦٠) نا موسڵمان کە دەکاتە (٨٩٦٣) کەس.
سەرچاوەکانی تر لە ساڵی ١٩١٣ دا ژمارەی دانیشتووانی ھەموو ناوچەی سلێمانییان بە (٥١٦٠٠) کەس داناوە کە (٤٨٦٠٠)یان موسڵمان و (٩٠٠)یان دیان و (٢١٠٠)یان جوولەکەن. ژمارەی دانیشتووانی شاری سلێمانیان بە (٢٦٠٠٠) کەس داناوە، لە وانە (٢٤٨٢٥) کەس موسڵمان و (١٠٠٠) کەس جوولەکە و (١٧٥)دیان.
لە سەردەمی ئینگلیزدا بە گوێرەی ڕۆژنامە پێشکەوتن ساڵی ١٩٢٠ ژمارەی ناوچەکە بە (٦٢٧٢٢)کەس دائەنێ. دانیشتووانی شاری سلێمانی بە دە ھەزار کەس داناوە.
ساڵی ١٩٢٥–١٩٢٦ سلێمانی خۆی بریتی بووە لە ١٣–١٤ ھەزار کەس. دوای ئەوە لە کاتی حوکمەتی عێراقدا و لە ساڵی ١٩٢٧ و سەرژمێری دەستی پێکرد: ١٩٢٧- ١٩٣٧- ١٩٤٧- ١٩٥٧- ١٩٦٥ - ١٩٧٦-١٩٨٨
ژمارەی دانیشتووانی شاری سلێمانی لە ساڵی ١٩٤٧ دا بە گوێرەی تۆماری ڕەسمی (٢٣٤٧٥) کەس بووە.
ساڵی ١٩٥٧ بریتی بووە لە (٤٨٨١٢) کەس.
خەڵکی سلێمانی بە زاراوەی بابانی لە زمانی کوردی قسە دەکەن کە لە ڕوانگەی ڕێزمان و وشەوە، زۆرتر وەک زاراوەی ئەردەلانی پارێزگای سنەیە. ئەوە لە حاڵێک دایە کە زاراوەی هەولێر زۆرتر وەک زاراوەی موکریانیە کە لە شارەکانی پیرانشار و مەهاباد و چەند شاری تر دا قسەی پێ دەکرێ.
دانیشتووان لە ساڵی ١٩٩٨
دەستکاری
ساڵی ١٩٩٨ شاری سلێمانی بەگوێرەی ساڵنامەی ئەو ساڵە بەم جۆرە بووە:
ژمارەی دانیشتووانی شاری سلێمانی خۆی: (٥٤٨، ٧٤٧) کەس.
ژمارەی دانیشتووانی سنووری پارێزگای سلێمانی: (١، ١٢٧، ٢٢٦) کەس.
ژمارەی خێزان لە ناو شاردا: (١١٠، ٣٦٠).
ژمارەی خێزان لە سنووری پارێزگای سلێمانی: (٢١٧، ٢٢٠) خێزان.
ژمارەی گەڕەکەکانی شاری سلێمانی: (٥٨).
لە دوایین ئاماردا ژمارەی دانیشتووانی ئەم پارێزگایە بە (١، ٩١٧، ١٩٣٦) کەس مەزەندە کراوە. باخی گشتی
دەستکاری
باخچەی گشتی لە کۆندا نەبووە. تا سەردەمی ئەحمەد پاشای بابان کە حاکمی سلێمانی بووە چوار باخی دروست کرد، ئێستا ئەو چوارباخە بوون بە گەڕەکێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی. جا لەبەر ئەوەی ئاوی سلێمانی زۆر بووە و پڕ بووە لە کانی و کارێز جگە لە ئاوی شیوەکان و زێرابەکان کە بەرەو خوار بوونەتەوە، ئەمانە ھەموو سوودیان لێ وەرگیراوە بۆ باخ دروستکردن.
ئەمانەش ناوی ئەو باخانەن کە ھەبوون و ئەوانی تریش ئەوانەن کە لەم دوایییەدا دروست کران:
باخی پورە بەگ: لە گەڕەکی گۆیژە نزیک سابونکەران و ژوور مزگەوتی ھەمزاغا، ماڵی شاعیری گەورەی کورد پیرەمێرد لەوێدابوو.
تووی مەلیک: لە باکووری شاری سلێمانی، لە ساڵەکانی سی و چلی سەدەی ڕابردوو (حەوزێکی گەورە)ی ھەبوو لە بەھارا پر دەبوو لە ئاو، لەوەو پێش دار و درەختی لە بەرابوو، خەڵک لە بەھارا دەچوونە ئەوێ بۆ سەیران. ئەم ناوچەیە موڵکی شێخان بوو. لەکاتێکدا دروست کرا کە شێخ مەحموود حوکمدار بوو، بۆیە ناونرا تووی مەلیک.
باخی شێخ لەتیف (شێخ لەتیفی دانساز) لە لای ماڵەکەی خۆیانا لە گەڕەکی دەرگەزێن، پڕبوو لە داری بەردار و حەوزێک بە فوارەوە لە ناوەڕاستیا ئێستاش ھەندێ شوێنی ماوە بە باریکی درەختی سێو و ھەڵوژە و ھەرمێ و ھەنار و قۆخ و گێلاس و بەھێ و ھەنجیری تیا بوو.
باخی فەرەجی حەمە مراد لە دەرگەزێن نزیک بە کارێزی دایکی پاشا دە دۆنم زەوی بوو. بە موڵک ھی (عەزمی بەگی بابان) بوو، لە ھاوینا تەنیا ئەو باخە ھەبوو کە بە تەنیشت ماڵی عەزمی بەگ خۆیەوە بوو، خەڵکی شار پۆل پۆل بۆی دەھاتن. ئێستا شوێنەکەی قوتابخانەو خانووە.
باخی مەجید بەگ: لە باکووری شاری سلێمانی. شوێنی بینای زانکۆی سلێمانی و نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و گشتییە.
باخی کانی دۆمان لە خوار گەڕەکی سەرشەقامەوە بوو.
باخی گەورە و بۆگەنە: ئەمیش ھەر موڵکی (عەزمی بەگی بابان) بوو لە خوار شاری سلێمانییەوە.
باخچەی گشتی: لە ڕاستیدا ھەر ئەم شوێنە بوو کە بە تەواوی پێی بوترێ (باخچە). دەکەوێتە ڕۆژ ئاوای سلێمانی نزیک (سەنتەری پارێزگای سلێمانی). یەکەم باخچەی میرییە و کاتێک کە مەجید یەعقوبی لە ساڵەکانی (١٩٣٧–١٩٣٩) موتەسەریفی سلێمانی بوو دروستی کرد کە ئەوسا ئەوپەری شار بوو، واتا ھیچ خانوو بینا لەو لایەوە نەبوو بێگومان ئەم باخچەیە بۆ ڕازاندنەوەی شارەکە و گەشت و جوانی سەردانی ژن و پیاو ڕۆژانی (چوارشەممە تایبەت بوو بۆ ژنان) بە عەبا و پەچەوە دەھاتن بەداخەوە بەھۆی نالەباری ئاسایشەوە زۆر دەستکاری کراو زۆری لێ کەمکرایەوە و دارەکانی دەبڕران، بەڵام ئێستا گەشاوەتەوە.
شارەوانی سلێمانی لەم ساڵانەی دوایییەدا فەرمانگەی باخچەکانی بەتایبەت پێک ھێنا بۆ دروستکردنی باخچە لە ناوشارا. ئەو فەرمانگەیەش ژمارەیەکی زۆری باخچەی دروست کردوە سەرپەرشتیان دەکات لە ژوور ھەموویانەوە پارکی ئازادی کە لەوەو پێش لەشکرگای حوکمەت بوو (حامییە) بوو. دەکەوێتە بەشی ژوورووی شار. ژمارەیەکی زۆری تر باخچەی بچووک ھەن لە ناو شارەکە کە ھەموو ڕازاوە و جوان و ڕێک و پێکن ھەندێکیان بە ناوی ئەو کەسانەی بیانی و خۆیییەوە ناونراونکە خزمەتیان پێشکەش کردووە. وەک (باخچەی ئولڤ پالما) سەرەک وەزیرانی سوید کە بەدەستی ناحەز شەھید کرا و باخچەی جەواھری کە بە ناوی شاعیری گەورەی عەرەب محەممەد مەھدی ئەلجەواھیری دۆستی دێرینی کورد و باخچەی فەرەیدون علی ئەمین و گەلێکی تر. لە پێش دامەزراندنی یانەی وەرزشی سلێمانی لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٦ لە زۆربەی گەڕەکەکاندا تیپی ئەھلی (میللی) ھەبووە. یاریگایەکی تۆپی پێ کە بە چیمەنی سەوز و پتر لە (٢٠، ٠٠٠) بیست ھەزار کەس دەگرێت، لەسەر تازەترین شێوە نوێ کراوەتەوە لەسەر بوودجەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، و ئێستا بە کۆبوونەوەی ھەموو یاریگاکان لە چوارچێوەی (مەلعەبەکە) دا ناونراوە «کۆمەڵگای یانەی وەرزشی سلێمانی» لە گەڕەکی چوار باخ