18/07/2026
ئاو
لە پۆسایدنەوە تا مەرگی تیامات
مێتاخوێندنەوەیەک بۆ نماییشی «بچپێنە بە گوێیا»ی هونەرمەند زانا ڕەسوڵ
شەهرام ڕەسووڵ. لەدایکبووی 1991 توێژەری بواری فەلسەفی و سەرۆکی ئەکادیمیای خانیایا بۆ پەرەپێدانی زانست و توێژینەوە و دامەزراوەیەکی فەرمییە، گرنگی بە فەلسەفە و هونەر، هزر و ئەدەب، زانست و زانین، کولتوور و نەریت دەدات. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە فەلسەفەی زانکۆی ڕاپەڕین هێناوە و ماستەری لە دانشگاه شهید بهشتی لە تاران هەر لە فەلسەفە وەرگرتوە.
پوختە
پێش ئەوەی ئاو ئاوێتەیەکی کیمیایی بێ و لە توخمێک و دوان و سیان کۆ بکرێتەوە، لە چیاکانی ئۆڵۆمپۆس1 حوکمی جیهانی دەکرد و لەسەر شارەکان شەڕی دەکرد. ئە م وتارە وتارێکی ئارکۆلۆژی و ڕیشەناسییە و دیالێکتیکانە بۆ ئاو و قەیرانی ئاو و هاوسەنگیی ئاو دەچین، ئاوڕ لەوە دەدەینەوە، چۆن ئاو لە دەسەڵاتێکی پیرۆزی بوونبەخشەوە بۆ پاشماوەکانی لاشەی بێگیانی تیاماتی2 بابلی گۆڕراوە! خوێندنەوەیەکە بۆ سەرجەم ئەو قۆناغانە، ئاو بەدرێژایی مێژووی خۆی بڕیوینی و باس لەو گۆڕانکارییانە دەکات، کە ئاو لە سوژەیەکی چالاکەوە بۆ ئۆبژەیەکی کێشەدار دەگۆڕێت. باس لەو فاکتەرانە دەکات، کە ئاو لە عەسای دەستی خوداوەندێکی تووڕەوە دەخاتە ناو بەندەوە تەنگ و پەنگخواردوەکانەوە و لەوێیشەوە بۆ ناو تۆڕی لوولەکانەوە و دوا جاریش بۆ سەراب.
ئاو وەک سوژە و
موقەدەس سەردەمی ئەفسانەیی
بۆ تێگەیشتن لەو قۆناغەی کە ئاو تێیدا «سوژە» و «خوداوەند» بووە، پێویستە بۆ ئەفسانەکانی بگەڕێینەوە و لەنێوان هەردوو شارستانیەتی یۆنان و بابلیدا وەک دوو کۆنترین شارستانیەتەکان و وەک خاوەنی زۆرترین کاریگەرین بۆ مرۆڤایەتی چ لە دوای خۆیان چ لە کات و سەردەمی خۆیاندا ئەو کاتەی مرۆڤ هێشتا بە عەقڵی تەکنیکی و کارگێڕییەوە سەیری سروشتی نەکردبوو.
لەو سەردەمەدا، ئاو «بوونی خۆی» هەبووە، بوونێکی سەربەخۆی خاوەن زات، بوونێکی زیندوو. خاوەن ئیرادە و ویست، خاوەن بیرکردنەوە و بڕیار، بوونێکی کەسی (پێرسۆنی) نەک بەهای بەکارهێن و بوونێکی بێ گیان و بێ ویست و بێ ئیرادە و بێ هێز و بێ قودرەت، تەنانەت بوونێکی خودایانە، کە ئەم بوونە چەندان جار لە بوونی مرۆڤ بەهێزتر و بەرزتر بوو. بۆ کردنەوەی زیاتری ئەمە بە جیا لەبارەی ئاو هەم لە شارستانیەتی بابل هەم لە یۆنان قسە دەکەین.
ئاو وەک کایۆس (xaoc)3 و
سەرچاوەی بوون
لە میتۆلۆژیای بابلیدا، بەتایبەت لە ئێنۆما ئێلیش4، ئاو سەرەتاییترین بوونە. «تیامات» (Tiamat) کە خوداوەندی دەریا و ئاوی سوێرە، نوێنەرایەتیی «هاوس» یان ئەو ئاژاوە سەرەتایییە دەکات، کە پێش دروستبوونی گەردوون هەبووە. تیامات تەنها ماددە نییە، بەڵکوو خوداوەندێکی زەبەلاح و بەهێزە کە دەتوانێت ژیانبەخش (ئافرێنەر) بێت و دەشتوانێت بە «لێشاوی ڕقەکەی» (هێزە کایۆسەکەی) گەردوون تێک بدات و جارێکی تر بۆ سەرەتا بیگەڕێنێتەوە.
ململانێی نێوان ماردۆک5 و «تیامات» ململانێی نێوان «کۆنتڕۆڵ» و «ئازادیی سروشت»ە. کاتێک ماردۆک تیامات دەکوژێت و لاشەکەی دەکات بە ئاسمان و زەوی و ئاو بەسەر ئاسمان و زەویدا دابەش دەکات، بەمە هێزە گەورەکەی ئاو لەنێو دەچێت و ئاو چ لە زەوی و چ لە ئاسمان لە زات دەکەوێت و دەبێت بە تەڕایییەکی بێ گیانی بێ ئیرادە و چیتر جارێکی تر کایۆس و تووڕەیییەکەی نابینینەوە و بەمەش یەکەم لانکەی شارستانیەت (ڕێکخراویی) دەردەکەوێت. (کە ئێمە دواتر کاریگەریی ئەم جۆرە تێڕوانینە بۆ دروستکردنی شارستانیەتە مۆدێرنەکان دەبینینەوە، کە چۆن لە چەند ئاستری تر هەم لە ئاسمان و هەم لە زەویش هەوڵی دابەشکردن بە واتای کۆنترۆڵکردنی ئاو دەدەنەوە.)
مرۆڤی کۆن لە بەرامبەر تیاماتدا لە دۆخی «ترس و ڕێز» دابووە. ئاو موقەدەس بوو، چونکە مرۆڤ نەیدەتوانی بەندی بکات؛ تەنها دەیانتوانی بە قوربانی و نزاکردن لە خوداوەندەکانی ئاو، ڕەزامەندییان بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی لافاو هەڵنەکەن. چونکە هێشتا باوەڕیان بەوە هەبووە، ئاو خوداوەندێکە و ناتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت یا بکوژرێ و هەمیشە ئەگەری کۆکردنەوەی هێز و قودرەتی خۆی هەیە و ئەو تۆفان و کایۆسەی کە لە هەگبەی دایە، دەردەکەوێتەوە!
ئاو وەک تووڕەیی و
دەسەڵاتی بێسنوور
لە یۆنانی کۆندا، پۆسایدن تەنها خوداوەندی دەریا نییە، بەڵکوو «لەرزێنەری زەوی»شە. پۆسایدن ئاو وەک هێزێکی دەرەکی دەبینێت کە بە عەساکەی(سێشاخەکە) ئۆقیانوسەکان دەجووڵێنێت. ئاو لێرەدا دەسەڵاتێکی سیاسی و سەربازییشە؛ هەر کەسێک کۆنترۆڵی ئاوی کردبایە، کۆنترۆڵی شارەکانی دەکرد. ئاو لەگەڵ شارەکاندا ململانێی دەکرد (وەک چیرۆکی ململانێی ئەسینا و پۆسایدن بۆ بەدەستهێنانی شاری ئەسینا). ئاو لێرەدا خوداوەندێکە کە داوای پەرستن دەکات. مرۆڤی یۆنانی مامەڵەی لەگەڵ ئاودا مامەڵەیەکی سنووردار بوو. ماسیگران و دەریاوانان پێش هەر گەشتێک نزا و قوربانییان بۆ پۆسایدن دەکرد. ئەوان دەیانزانی کە ئاو دەتوانێت لە خولەکێکدا بە دڵۆڤانییەوە دەیانگەینێتە کەنار، یان بە تووڕەیییەوە بیانخنکێنێت. ئاو لەو سەردەمەدا سوژەیەکی قسەکەر بوو.
ئەو خاڵە هاوبەشەی لە هەردوو میتۆلۆژیای بابل و یۆناندا هەیە، نەبەزاندنی سنووری ئاوە، ئاوی تەنها بۆ مانەوە بەکار هێناوە، بەڵام هەرگیز هەوڵی نەداوە مەعنا و هێزی پیرۆزی ئاوەکە بسڕێتەوە، چونکە هەمیشە ئاو لە دەرەوەی دەسەڵاتەکانی مرۆڤدا بووە و هەمیشە مرۆڤ بوون و مان و نەمانی خۆیی و شارستانیەتەکانی خستبووە ژێر حوکمی بەزەیی و نەفرەت و تووڕەیی ئاوەوە و پەیوەندیی نێوانیان لەسەر بنەمای «گفتوگۆ» بووە، گفتوگۆیەک کە لە نێوان ئاو و مرۆڤدا باران و تۆفان و زریان و لافاو و هەڵکشان و داکشان زمانی باران بووە و قوربانی و پاڕانەوە و نزاکردن و چۆڵکردن و ڕاو نەکردن و نزیکبوونەوەش زمانی مرۆڤ بووە.
ئاو وەک ئۆبژە و کەرەستە
سەردەمی مۆدێرنە
بە تێپەڕبوونی کات و هاتنی مرۆڤێک، کە ئەندیشەیەکی عەقڵانی هەبوو و دەیەویست چیتر دونیا بە لۆژیک لێک بداتەوە و بخوینێتەوە، چیتر بۆ ڕووداو و دیاردە سروشتییەکان نەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتنە ئایینی و ئەفسانەیییەکان، چیتر نە ئاو زاتێک و سوژەیەک نەبوو، کە ئیرادەی هەبێت و نەفرەت و سۆزی هەبێ، بە پێچەوانەوە ئیتر شتێک کەوتە نێوانیانەوە، کە بریتی بوو لە عەقلانیەت ئەو شتەی کە لەوە ناچێ هەرگیز ئاو هەیبووبێت، ئیتر هێزی ئەو شتە دەردەکەوت، کە بە تاکە چەکی دەستی مرۆڤ دادەنرا، عەقڵ! ئەمە دەبێتە هۆی بەرپابوونی شۆڕشێکی گەورە و بۆ ئەبەد ئەم جارە ڕوح لە ئاو هەڵدەکێشێت و ئاو دەبێتە بە سامانی مرۆڤایەتی و مرۆڤ خۆی خاوەنداریەتیی دەکات، هیزی ئاو دەخاتەوە ناو دەستی خۆی و هەر خۆشی بڕیار لە ئاراستەکردن و بەکارهێنانی دەدات و خۆی بە ناویدا گەشت دەکات و لە بەنداو و لە لوولەی دەکات.
لە نێوان بەنداو و پەرستگادا
کاتێک عەقڵانیەت دەبێتە حاکمی ڕەها، ئاو چیتر لە ڕێڕەوی سروشتیی خۆیدا ناخۆلێتەوە، بەڵکوو دەچێتە ناو سیاسەتی ئەندازیاری مرۆڤەوە، لێرەدا مرۆڤ وەک ماردۆکێکی مۆدێرن چیتر پەرستگا بۆ ئاو دروست ناکات، چیتر ئەم گفتوگۆیە لە نێوان خۆی و ئاودا ناپارێزێت و پەیڕەوی لێ ناکات، بەڵکوو لە نێوان خۆی و ئاودا، پرۆژە عەقڵانیەتی و ئەندازەییەکان دێنێتە ئاراوە و ئیتر بەنداو و پاڵاوگە و خەزان و لوولە و بۆڕی بۆ ئاو دروست دەکات. بەنداو نیشانەی شکستپێهێنانی ئیرادەی ئاوە، نینۆککردنی ئاوە و چیتر ئاو ناتوانێ تووڕەیی و نەفرەتی خۆی بۆ شارستانیەتەکان بنێرێت، چیتر ناتوانێ هەر کاتێ بیەوێت ون بێت و هەر کاتێکیش مەیلی لێ بوو بێتەوە، بە پێچەوانەوە هاتن و ڕۆشتنی ڕام دەکرێت بە دەستی مرۆڤەوە، ئیتر ئاو ئەو هیزە کایۆسیە لە دەست دەدات. کاتێک مرۆڤ ئاو لە ناو لوولەکاندا بەند دەکات، لە ڕاستیدا دەیەوێت کات و شوێنی ئاو بە قازانجی خۆی بگۆڕێت. ئاو لە ئازادییەکی بێسنوورەوە دەگۆڕێت بۆ کۆیلەیەک لە ناو تۆڕی ئاو و ئاودێریی شارستانیەتە نوێیەکانەوە. ئاو لێرەدا دەبێتە ئامرازێکی سیاسی؛ هەر کەسێک لوولەکانی پێ بێت، خاوەنی ژیانی ئەوانی ترە، چیتر ئاو ناتوانێ وەک خوداوەندێک لەسەر شار و شارستانیەتەکان ململانێ بکات، بەڵکوو ئیتر ئاو لە ژێری ژێری شارستانیەتەکانەوەیە.
سەمەرەی مۆدێرنە، سەراب
ئەو شۆڕشەی عەقڵ لە سەردەمی مۆدێرنەدا بەرپای کرد، هەرچەندە ئامانجەکەی ڕزگارکردنی مرۆڤ بوو لە ترس و جەهل و دەستەپاچەیی بەرامبەر بە هێزە سروشتییەکان، بەڵام لە هەمان کاتدا مرۆڤی تووشی قەیرانێکی قووڵی ئۆنتۆلۆژی کرد؛ ئەویش داڕزانی پەیوەندیی ڕۆحی بوو لەگەڵ بووندا. کاتێک عەقڵانیەتی تەکنیکی ڕێگەی پێ داین ئاو وەک کۆمەڵێک گەردیلەی بێگیان (H2O) سەیر بکەین، ئێمە بە فەرمی پیرۆزی و مانامان لە ئاو هەڵکێشا. کاتێک ئاو لە سوژەیەکی خوداوەندـەوە بوو بە ماددەیەکی خاو، ئیدی ئاو چیتر ئەو هێزە نییە کە پێویستە ڕێزی لێ بگیرێت، بەڵکوو دەبێت بە کاڵایەک بۆ بەکاربردن، بۆ پیسکردن، و بۆ بەفیڕۆدان. ئەم ڕوانینە ماددییەی مۆدێرنە، ئاوی لە دڵبەرێکی ئافرێنەرەوە گۆڕی بۆ ئۆبژەیەکی ماتریالیستی کە تەنیا لە ڕێگەی لوولە و بەنداوەکانەوە دەناسرایەوە. ئەنجامی ئەم داڕمانەش ئەوەیە کە مرۆڤ لەم ئاستە ئۆنتۆلۆژییەدا خۆی لە ‹بێگانەیی›ـدا دەدۆزێتەوە؛ چونکە کاتێک ئاومان کرد بە تەنیا فۆرمولەیەکی کیمیایی، لە ڕاستیدا ڕۆحی سروشتـمان لە ناو خۆماندا کوشت و ژینگەیەکمان دروست کرد، کە تێیدا ئاو بوونی هەیە، بەڵام وەک قەیران. بەمەش، عەقڵ کە دەبوو مرۆڤ بەهێز بکات، بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی مرۆڤ لە سروشت داببڕێت و لە ئاکامدا ئاو ئەم جارە بە شێوازێکی تر تۆڵەی خۆی کردەوە، بە شێوازێک کە ئیتر ئاوێک کە شیاوی خواردنەوە بێت ڕووی لە نەمانە و بەرەو سەرابە. وشکەساڵی و پیسبوونی ئاو و زیادبوونی ئاوی سوێر و کەمبوونەوەی ئاوی شیرین، گەیشتوەتە ڕادەیەک، ئینسان لە هەندێ شوێن بە دیار مەرگی شارستانیەتەکانەوە بە لێوێکی وشکەوە دانیشتوە و چاوەڕوانی داڕمانی شارستانیەتەکانە.
جەستەیەکی هاوبەش،
لەودیو سوژە و ئۆبژەوە
بە پشتبەستن بە ئەخلاقی زەویی ئەڵدۆ لیۆپۆڵد6 و تێڕوانینی هیندییە سوورەکان دەتوانین بڵێین، کە زەوی موڵکی ئێمە نییە، بەڵکوو ئێمە موڵکی زەویین. لێرەدا ئاو تەنها ماددەیەک نییە بۆ بەکارهێنان، بەڵکوو «خوێن»ـی ئەو جەستە گەورەیەیە، کە ئێمە بەشێکین لێی. کاتێک ئاو بەهەدەر دەدەین، لە ڕاستیدا لە خوێنی خۆمان بە هەدەر دەدەین. ئاو دیل نییە لە ناو لوولەکاندا، بەڵکوو سەفەرێکە کە بە ناخی ئێمە و سروشتدا تێ دەپەڕێت. پاراستنی ئاو، پاراستنی ئەو یەکیەتییەیە کە مرۆڤ و کانی و ڕووبار و دارستانی پێکەوە بەستوەتەوە. ئەمە لوتکەی ئەخلاقیی زەوییە و ژینگەیییە. کاتێک مرۆڤ دان بە مافی «بوونی» ئاودا دەنێت، ئیتر نایەوێت هەموو ئاوەکە بەند بکات. بەکارهێنانی ئاو بە ئەندازەی پێویست، تەنها ڕێکارێکی ئابووری نییە، بەڵکوو ڕێوڕەسمێکی ئەخلاقییە. ئەمە دانپێدانانە بەوەی کە «ئاویش مافی ئەوەی هەیە لە ڕێڕەوی سروشتی خۆیدا بمێنێتەوە». ئەمە شکۆبەخشینەوەیە بە ئاو؛ کە تێیدا مرۆڤ لە ئاستی «خاوەنکار»ـەوە دادەبەزێت بۆ ئاستی «هاوبەش» لە ژیاندا.
هاوبەندی چارەنووسمان
لە فەلسەفەی یەک-سروشتدا، هیچ «دەرەوەیەک» نییە. کاتێک دەڵێین «ئاو و مرۆڤ یەک جەستەن»، واتا چارەنووسی ئێمە بە مانەوەی یەکترەوە بەندە. ئەگەر ئاو وەک سوژەیەکی پیرۆز نەمێنێت، ئەوا جەستەی مرۆڤیش وشک دەبێت. داننان بە مافی یەکدی، واتا داننان بەوەی کە ئاو «هاوبەشێکی مافدارە» لەم گەردوونەدا، نەک کەرەستەیەکی بێدەنگ.
ئێمە لەم قۆناغەدا، لە دوای ململانێی مێژوویی نێوان عەقڵی ئەندازیار و ئەفسانەی سروشت، گەیشتووینەتە ئەو باوەڕەی کە ئاو بەندکراو نییە، بەڵکوو ئەو هێڵە سوورەیە کە ژیانی ئێمە و بوونی زەوی پێکەوە دەبەستێتەوە. بە پشتبەستن بە ئەخلاقی هیندییە سوورەکان، تێ دەگەین کە هەر دڵۆپە ئاوێک، بەشێکە لە ڕۆحی جیهان. کەواتە، کاتێک دەست بۆ ئاو دەبەین بۆ ئەوەی لێوێکمان تەڕ بکەین، پێویستە وەک ئەوەی سڵاوێک لە هاوڕێیەک یان خوداوەندێک بکەین، بە ڕێزەوە و بە کەمترین بڕ مامەڵەی لەگەڵ بکەین، چونکە ئێمە و ئاو، بەردەوام لە ناو یەک جەستەی گەورەدا دەژین؛ جەستەیەک ئەگەر ئاوی تێدا وشک بوو، ڕۆحی ئێمەش لەگەڵیدا نامێنێت، بۆیە شکۆمەندکردنەوەی ئاو، شکۆمەندکردنەوەی خودی مرۆڤە لە ئاستی پیرۆزیی بووندا.
1. Olympians
2. The Myth of Tiamat
3. کایۆس یا فەوزا یا زۆر جار لە کوردیدا بە ئاژاوە و پەرشوبڵاوی و بێ سیستمی ناوی دەهێنرێ، دۆخێکە کە گەردوون هیشتا ڕێک نەخراوە و ئیدنتی و شوناس بە بوون و پێکهاتەکانی ناوی نەدراوە و دۆخێکە وەک هەویرێک کە هێزێک دەتوانێ لە ناویدا بوونەکان بەدی بهێنێت و سیستم و ڕێکخراوەیی دروست بکات لە نێوان بوون و هەبووەکاندا، ئەمە لە ناو فەلسەفەی یۆنان و پێش سوکراتدا ئەم چەمکە بە زەقی دەردەکەوێت و دواتر ئەرستۆ بە بەشێک لە ژیانی تەرخان دەکات بۆ ئەم باسە.
4. Enuma Elish چیرۆکی دروستبوونی گەردوون»ـە (Cosmogony) لای بابلییەکان. ئەم دەقە لەسەر حەوت تابلۆی قوڕین (کتیب) نووسراوەتەوە. ئەم چیرۆکە تەنها ئەفسانەیەک نییە، بەڵکوو میتۆلۆژیایەک بۆ بەرهەمهێنانی دەسەڵاتە. لەم دەقەدا، بابلییەکان پێمان دەڵێن کە چۆن گەردوون لە ئاژاوەیەکی بێسەروبەرەوە گۆڕاوە بۆ جیهانێکی ڕێکخراو و یاسایی، و چۆن شاری بابل و خوداوەندەکەیان (ماردۆک) بوون بە سەنتەری ئەم جیهانە.
5. خوداوەندی سەرەکیی شاری بابل.
6. ئەلدۆ لیۆپۆڵد (1887–1948) زانای ژینگەناسی و پێشەنگی فەلسەفەی پاراستنی سروشتە لە ئەمریکا.